پێشەکیی ئامادەکار: چ سوودێک لەم فەرھەنگە وەردەگرین؟

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
ڕەئووف ڕەهنموون
 3 خولەک  170 بینین

جگە لە دۆزینەوەی مانای وشەکان کە کاری سەرەکی ھەر فەرھەنگێکە، فەرھەنگی مەردۆخ لە زۆر ڕووی دیکەوە بۆ خوێنەران و لێکۆڵەران بەسوودە، کە چەند لایەکی دەخەینە ڕوو:

لە ڕووی ئەم فەرھەنگەوە دەتوانین شێوە ئاخاوتنی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە کوردستان بناسین و لەگەڵ شێوە ئاخاوتنی ئەمڕۆی ھەمان ناوچەدا بەراوردی بکەین و ڕادەی ئەو ئاڵوگۆڕەی کە بە سەریدا ھاتووە دیاری بکەین. ھەروەھا دەتوانین لەگەڵ شێوە ئاخاوتنی ناوچەکانی تری کوردستاندا بەراوردی بکەین.

بە ھۆی زۆربوونی وشە ھاوواتاکان لەم فەرھەنگەدا، وشە و زاراوە ھاوبەشەکانی ناو سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی و شوێن‌دانانی ئەم زمانگەلە لەسەر یەکتر باشتر ڕوون دەبێتەوە.

گەنجینەیەکی بەنرخە بۆ دۆزینەوەی وشە ھاوواتاکان لە زمانی فارسی و عەرەبیدا، چونکە تەنانەت لە ئەمڕۆشدا فەرھەنگێکی فارسی یا عەرەبی کە وشە ھاوواتاکانی لە پاڵ یەکدا ڕیز کردبێت ئێجگار کەمە. بۆیە ئەم فەرھەنگە لەم ڕووەوە بۆ خوێندکارانی بەشی فارسی و عەرەبی زۆر بەسوودە.

زۆر بە وردی چۆنیەتی دەربڕینی شێوازی ئاخاوتنی وشەکانی دیاری کردووە، ھەربۆیە ھەوڵ دراوە بە پێی توانا ئەم وردەکاریانە بگوێزرێتەوە بۆ ناو ئەم چاپە تازە.

سەرچاوەیەکی بەپێزە بۆ دۆزینەوەی ئەو وشە کوردی و فارسیانەی کە پەڕیونەتەوە بۆ ناو زمانی عەرەبی و بە پێچەوانەشەوە، چونکە نووسەر ھەموو ئەو وشانەی دیاری کردووە.

یاوەرێکی بەسوودە بۆ پسپۆڕانی بواری زاراوەسازی بەتایبەتی لەم ھەلومەرجە تایبەتەدا کە ئەمڕۆ میللەتەکەمانی پێدا تێدەپەرێت، کە شۆڕشی ئینفۆرماتیک و بەجیھانی‌بوون، لە لایەکەوە بەردەوام‌بوون و نەتوانەوەی زمانەکەمانی - لانی کەم بە قەد بڕکردنی زمانی گەلانی دراوسێمان - گەرەنتی کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە گرنگی و پێویست بوونی داتاشینی زاراوەی نوێی زیاتر لە ھەموو سەردەمێکی تر ئاشکرا کردووە.

سەرچاوەیەکە بۆ دۆزینەوەی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەو سەردەمەدا بە ژن و پیاو و منداڵ و ھونەرمەند و قومارباز و‌...ەوە. چونکە نووسەر زۆر بە وردی ناوی خواردنەکان و ئامێرەکانی مۆسیقا و داودەرمان و بەھاراتی ناو چێشت و ئەو میوانەی کە وشک دەکرێن یا دەکرێن بە دۆشاو و زاراوەکانی قومار و جۆری یاری منداڵان و تەنانەت زاراوەکانی ناو ئەو یاریانە و لەیستۆکی منداڵان و گەلێ وردەکاری دیکەی باس‌کردووە کە مێژوونووسان و کۆمەڵناسان و ئەدیبان و‌... لە توێژینەوەکانیاندا دەربارەی ئەم ھەرێمە لە کوردستان بێ‌نیاز نابن لێی.